ئه‌م نووسینه خۆته‌قاندنه‌وه‌ی هزره به بڕیاری دڵ، له دژی بێده‌نگیی عه‌قڵ كه زۆرداری بڕیاری له‌سه‌ر داوه
هه‌موو شتێك له له‌سێداره‌دانی فه‌رزاده‌وه ده‌ستی پێكرد. هه‌موو شتێك هه‌میسان له نوێوه ده‌ستی پێكرده‌وه. شتێك له گه‌روومدا قه‌تیس بووه و هه‌ر ده‌ڵێی گه‌روویان گرتووم. كاتێك گه‌رووم ده‌گرن، هار ده‌بم. كاتێك گه‌رووم ده‌گرن بۆ هه‌ناسه‌دانیش ده‌بێ هاوار بكه‌م. كاتێك شتێك له گه‌روومدا قه‌تیس ده‌بێ، ده‌بێ بنووسم.
ده‌زانم نووسینی هه‌ر وشه‌یه‌كم به‌ردێكه كه به كۆڵ ده‌یكێشم بۆ ئه‌وه‌ی به‌ندیخانه‌ی خۆمی پێ ساز بكه‌م. ده‌زانم كه یه‌كه‌مین خوێنه‌ری دێڕبه‌دێڕی هه‌ر نووسراوه‌یه‌كم میرغهزهبێكه و هه‌ر لاپه‌ڕه‌یه‌كی پهڕاوهكهشم پهڕبه په‌ڕی دۆسێیه‌كه له سه‌ر مێزی قازی و هۆكارێكه بۆ فتوایه‌ك به ناوی ئاسمانه‌وه له دژی من كه له‌سه‌ر زه‌وی هه‌نگاو ده‌نێم. ده‌زانم كه عه‌قڵ ده‌ڵێ بێده‌نگ به، به‌ڵام ئه‌وه‌نیه له‌سه‌رده‌می سهرهڕۆییدا عه‌قڵ هه‌میشه هاوڕێ و هاوده‌می سێدارهدامهزرێنهره زاڵهكانه؟ ئه‌وه‌نیه كاتێك كه تیخی جه‌للاده‌كان تیژه و به خوێنی بێتاوانه‌كان سوور كراوه، بێده‌نگی پیرۆزترین په‌رستنه له لای خواوه‌ندی تاریكی؟
هه‌میشه دڵی شه‌ویان به دڵ شكاندوه نه‌ك به عه‌قڵ. پێكه‌نینم دێت به گه‌شبینیی عه‌قڵه‌كان به مانه‌وه له سه‌رده‌مێكدا كه هه‌ر فیشه‌كه و له شه‌قامه‌كاندا سه‌ر بێرهوبهوێدا ده‌كات، له سه‌رده‌مێكدا كه عه‌ره‌بانه‌كانی یاسا رێبواره‌كان وه‌بن خۆ ده‌ده‌ن و ئه‌و كه‌سانه‌ش كه خه‌ریكی گرتن و بردنن، له‌ژێرناوی ئاسایش ده‌رگای هه‌موو ماڵێك ده‌كوتن؟
ئه‌م نووسراوه‌یه خۆته‌قاندنه‌وه‌ی هزره له دژی شێتێتی ئهشكهنجهگهرێك كه به تاوانی بیركردنه‌وه و نووسین ئه‌شكه‌نجه‌م ده‌دات و له گۆشت و پێستی مندا به‌شوێن تۆزێك دانپێداناندا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌م نووسراوه‌یه خۆته‌قاندنه‌وه‌ی هزره له دژی تاسه‌ی مه‌رگی ئاڵقه سووك و چروكهكانی سێداره. ئه‌م نووسراوه‌یه خۆته‌قاندنه‌وه‌ی هزره له دژی سه‌مای مه‌رگ به‌سه‌ر سه‌ری مرۆڤه‌وه له مه‌ڵبه‌ندی سته‌مدا. ئه‌م نووسراوه‌یه هه‌وڵدانێكه له دژی ئه‌م بارودۆخه‌ی كه له ئارادایه، له دژی بێده‌نگی.
فه‌رزادیان له‌سێداره‌دا. فه‌رزادیان كوشت. سه‌رله‌نوێ سه‌مه‌دیان زیندوو كرده‌وه و كوشتیانهوه. ویستم شتێك بڵێم، ویستم شتێك بنووسم، به‌ڵام شه‌رم دایگرتم. پازده نامه وه‌كو پازده په‌ڕی خوێنین سه‌رجه‌م وشه‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌تا سیمورغی فه‌رزاد بردبوون. وه‌كو كاتێك كه ته‌نیا شاملو ده‌توانێ بڵێ ئه‌رانی كێیه. وه‌كو كاتێك كه من ناتوانم بڵێم كه‌مانگه‌ر كێیه.
" تۆ نازانی هاواری شكۆیه‌ك
كاتێك كه له ئه‌شكه‌نجه‌ی شكستێكدا ناناڵێت
چ كێوێكه!
تۆ نازانی نیگای بێ مژۆڵكی دڵنیاییه‌كی تاوانبار
كاتێك كه له چاوی ده‌سه‌ڵاتداری ترسێك راده‌مێنێ
چ زه‌ریایه‌كه!
تۆ نازانی مردن
كاتێك كه مرۆڤ چۆكی به مه‌رگ داداوه
چ ژیانێكه!
تۆ نازانی ژیان چییه، سه‌ركه‌وتن چییه
تۆ نازانی ئه‌رانی كێیه"
تۆ نازانی كه‌مانگه‌ر كێیه.
له وڵاتێكدا كه پاشاكانی خه‌ڵك، به حیله‌ی نه‌فامیی ئه‌سپێك، به ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ن، مرۆڤه‌كان به ده‌سكی ته‌رازووی دادپه‌روه‌ری له سێداره ده‌درێن. له وڵاتێكدا كه پارووی ده‌می ته‌رمی هه‌موو شته هیچ و پوچه‌كانی شا، شه‌ره‌فی پاشایه‌كی هیچ و پوچه، ته‌رمی مرۆڤێكی پێوه‌ند كرا‌و كه به ئاوازی ده‌هۆڵی خوێنی خۆی مێژوو ده‌ڵێته‌وه و په‌ڕاوی شیعری ژیانیشی به ده‌سرازه‌ی كفنی سووربووی خوێن ده‌به‌ستێته‌وه، ده‌دزرێت، به بادا ده‌كرێ و له گۆڕ ده‌نرێ و ده‌بێته خۆڵه‌مێش.
من نازانم كه كه‌مانگه‌ر بۆ تۆ كێیه به‌ڵام به‌هه‌ر راده‌یه‌ك كه خه‌می رۆیشتنی زیاتر دڵم ده‌هه‌ژێنێت زیاتر و زیاتر هه‌ستی پێده‌كه‌م، زیاتر ده‌زانم كه كێیه. فه‌رزاد و مامۆستاكه‌ی، فه‌رزاد و قوتابیه‌كانی، فه‌رزاد و وڵاته‌كه‌ی، فه‌رزاد و گه‌له‌كه‌ی، فه‌رزاد و شه‌و، شیعر و ئه‌شكه‌نجه‌كانی، فه‌رزاد و ئهوینداریهكهی، فه‌رزاد و هاوڕێیانی، فه‌رزاد و دایكی وه‌ها ئاوێته‌ی یه‌كتری بوون كه ده‌ستی هه‌ر پێك نهشیاوێك ناتوانێ سه‌ری هه‌ودای گڵۆڵه‌ی لێك هه‌ڵپێكراوی ژیانیان به ده‌سته‌وه بگرێت. نامهكانیم له به‌رده‌مم داناون و هه‌ر وه‌كو شێت به نیگا لێیان ده‌پاڕێمه‌وه كه شتێكم پێ بڵێن.
بۆ بهندیهوانهكهی ده‌نووسێت: " من مامۆستا ده‌مێنمه‌وه و تۆش بهندیهوان ...
من قوتابیی سه‌مه‌دی بێهره‌نگیم، هه‌ر ئه‌وه‌یكه ئۆلدوز و قه‌له‌ڕه‌شه‌كان و ماسیه ره‌شه بچكۆله‌كه‌ی نووسی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان فێری جوڵه بكات. ده‌یناسی؟ ده‌زانم كه نایناسی.
من قوتابیی خانعهلیم، هه‌ر ئه‌و مامۆستایه‌ی كه فێری كردین چلۆن خۆرێك له سه‌ر ته‌خته ره‌شه‌كه‌ی ناو پۆله‌كه‌مان بنه‌خشێنین بۆ ئه‌وه‌ی رووناكیه‌كه‌ی شه‌مشه‌مه كوێره‌كان بتارێنێ.
من هاوكاری "به‌همه‌ن عیزه‌تی"م، ئه‌و پیاوه‌ی كه هه‌میشه بۆنی بارانی لێده‌هات و ئه‌و مرۆڤه‌ی كه هێشتاش خه‌ڵكی كرماشان و ئاواییه‌كانی له گه‌ڵ هاتنی یه‌كه‌م بارانی پاییزی، بیر له‌ئه‌و ده‌كه‌نه‌وه، هه‌ر ده‌زانی ئه‌و كێ بوو؟ ده‌زانم كه نازانی".
بۆ قوتابیه‌كانی ده‌نووسێت: " خۆزگه بكرابایه دیسانه‌وه و به‌دزیه‌وه به دوور له چاوی رێكخه‌ری عه‌بوسی خوێندنگه پێداچوونه‌وه‌مان بۆ ئهلف و بێی كوردیمان بكردبایه‌وه و به زمانی دایكی، شیعر و گۆرانیمان بۆ یه‌كتری بگوتبایه و پاشانیش ده‌ست له ناو ده‌ستی یه‌كتر سه‌مامان بكردبایه و سه‌مامان بكردبایه و سه‌مامان بكردبایه".
فه‌رزاد مامۆستایه. كچانی خوێندكاره‌كانی ناچارن " له ته‌مه‌نی سێزده ساڵیدا به چاوانی پڕ له فرمێسك و ئاخه‌وه (له ژێر تۆری سپی به ژنبووندا) بۆ دوایین جار ماڵئاوایی له قوتابخانه بكه‌ن و (چیرۆكی تاڵی ره‌گه‌زی ژێرده‌سته بوون) له ناخه‌وه هه‌ست پێبكه‌ن".
فه‌رزاد مامۆستایه. كوڕانی بزۆز و هاروهاجی پۆله‌كه‌ی ئه‌و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی كه بزانن "كوڕانی سروشتی خۆر"ن ئیتر ناتوانن له گه‌ڵ هاوپۆله‌كانیان دابنیشن، بخوێننه‌وه و پێبكه‌نن چونكه دوای "كاره‌ساتی بوون به پیاو" تازه "خه‌می نان" له چاوه‌ڕوانییاندایه.
فه‌رزادیان له سێداره‌دا، فه‌رزادیان ئه‌شكه‌نجه كرد، فه‌رزادیان كوشت. تاوانه‌كه‌شی ته‌نیا ئه‌وه بوو كه ماسی بوو و ره‌ش بوو و بچكۆله بوو. تاوانه‌كه‌ی ئه‌وه بوو كه مامۆستا بوو. تاوانه‌كه‌ی ئه‌وه بوو كه كورد بوو. فه‌رزادیان ئه‌شكه‌نجه دا چونكه مرۆڤ بوو.
له نامه‌یه‌كدا بۆ بهندیهوانهكانی نووسیویه‌تی: " لێم مه‌ده له به‌ر ئه‌وه‌ی له كاتی رێكردندا ده‌نگی پێم ده‌بیسترێت، چونكه دایكم فێری كردووم به هه‌نگاوه‌كانم له گه‌ڵ زه‌وی بدوێم، له نێوان من و زه‌ویدا په‌یمانێك هه‌یه و به‌ڵێنێك بۆ ئه‌وه‌ی زه‌وی پڕبكه‌م له جوانی و له زه‌رده‌خه‌نه. كه‌واته بێڵه با پیاسه بكه‌م، لێگه‌ڕێ با ده‌نگی پێم ببیستێت، لێگه‌ڕێ با زه‌وی بزانێت من هێشتاش هه‌ر زیندووم و هیوادارم". به‌ڵام بهندیهوان كوا له مرۆڤ تێده‌گات؟ جه‌للاد كوا له مرۆڤ حاڵی ده‌بێ؟ " پشت كۆمهكان توانای دیتنی ده‌ریایان كوا".
نووسیویه‌تی پێی چه‌پم لێره‌دا ئازاری بینیوه و به هۆی لێدانی هاوكات له سه‌رم و شۆكی كاره‌بایی بێهۆش بووم و له وكاته‌وه كه وه‌هۆش خۆم هاتوومه‌وه، تا ئێستا هاوسه‌نگیی جه‌سته‌مم له ده‌ست داوه و هه‌ر ده‌له‌رزم. قاچهكانمیان زنجیر ده‌كردن و به شۆكی كاره‌بایی كه ئامێرێكی بچوك بوو و به كه‌مه‌ریانه‌وه بوو شۆكیان له شوێنه هه‌ستیاره‌كانی جه‌سته‌م ده‌دا كه ئێش و ئازارێكی ئێجگار زۆری هه‌بوو. پاش ماوه‌یه‌ك راگوازرام بۆ گرتووخانه‌ی 209ی به‌ندیخانه‌ی ئێڤین. هه‌ر له یه‌كه‌م ساتی چوونه ژوورمه‌وه چاویان به‌ستم و هه‌ر له هه‌مان داڵانی چوونه ژووره‌وه‌دا (كه له سه‌رووی ژووی به‌ڕێوه‌بردنی حوكمه‌كان هه‌ڵكه‌وتبوو) بردیانمه ناو هۆده‌یه‌كی بچووكه‌وه كه له‌وێش منیان وه‌به‌ر لێدان و پێدادان (مشت و پێله‌قه) ده‌دا. رۆژی دواتر گوازرامه‌وه بۆ سنه بۆ ئه‌وه‌ی براكه‌شم بگرن. له‌وێش هه‌ر له‌گه‌ڵ چوونه ژووره‌وه‌م بۆ ناو به‌ندیخانه له گه‌ڵ بێحورمهتی و جنێو و كوته‌ك كاری به‌ره‌وڕوو بوومه‌وه. منیان به كورسیه‌وه به‌سته‌وه و له ژووری بنكه‌ی ته‌ندروستی له سه‌عات 7ی سه‌رله‌به‌یانیه‌وه هه‌تا رۆژی دواتر هه‌روا هێشتیانمهوه. ته‌نانه‌ت ئیزنی چوونه ئاودهستیشم نه‌بوو. به چه‌شنێكه كه ناچاربووم خۆم ته‌ڕ بكه‌م. دوای ئازار و ئه‌زیه‌تێكی زۆر دیسانه‌وه منیان بۆ به‌ندیخانه‌ی 209 راگواسته‌وه و له ژووره‌كانی قاتی یه‌كه‌م (ژووره‌كانی سه‌وزی لێپێچینه‌وه)، لێپێچینه‌وه‌یان له گه‌ڵدا كردم و ئه‌زیه‌ت و ئازاریان دام".
نووسیویه‌تی: "ده‌نگی گریان و رۆ رۆی به‌ندیه‌كانی تر كه زۆربه‌یان كچ بوون ده‌بیسترا و رۆحی هه‌ر مرۆڤێكی ده‌هه‌ژاند. شه‌وانه په‌نجه‌ره‌كانیان ده‌كردنه‌وه، دوای لێدانیش جلوبهرگهكانمیان له ئاودهستێكدا كه له ژێرزه‌مینه‌كه‌دا بوو ته‌ڕ ده‌كردن و هه‌ر به‌وشێوه‌یه ره‌وانه‌ی ژووره‌كه‌یان ده‌كردمه‌وه و منیش ناچار بووم له‌به‌ر سه‌رما خۆم له به‌تانیه پیسهكانهوه پێچم".
نووسیویه‌تی له گه‌ڵ هه‌ر زه‌ربه‌یه‌كی ذوالفقار (ئه‌و شهللاقهی كه ئه‌شكه‌نجه‌یان پێ ده‌كرد) چه‌ند ساڵێك به‌ره‌و دواوه ده‌گه‌ڕامه‌وه، ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ سه‌رده‌می قاجار كه له كه‌لله سه‌ر و گوێچكه و چاو مناره‌یان هه‌ڵده‌به‌ستن، ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ سه‌رده‌می هیتله‌ر بۆ سه‌رده‌می تاتار و مه‌غول و به‌ڕبه‌ڕ و ... دیسانه‌وه لێیان ده‌دام هه‌تا ده‌گه‌یشتمه‌وه سه‌ره‌تای دیرۆكێك كه خوێندبوومه‌وه و نه‌مخوێندبۆوه، به‌ڵام بۆ ئێش و ئازار ته‌واو ده‌بوو؟ له هۆش خۆم ده‌چووم و سه‌عاتێك دواتر له ژووری به‌ندیخانه‌دا دیسانه‌وه چاوم به ژین ههڵدێنانهوه و هه‌روه‌كو كۆرپه‌یه‌ك ده‌ستم ده‌كرد به په‌ل كوتان و شیعرێك هاواری تێ ده‌به‌ستم: "له دایكبوونی كۆرپهم دیوه/ هه‌ر بۆیه ده‌زانم هاواركردن و په‌لكوتان/ یه‌كه‌مین هێماكانی ژین و له دایكبوونن".
ژیانی هه‌موو رۆژێی فه‌رزاد هه‌ر ئه‌وه‌یه. له بهندیخانهیهكهوه بۆ به‌ندیخانه‌یه‌كی تر كۆچ ده‌كات و له هه‌موو هۆدهكاندا ئه‌شكه‌نجه ده‌كرێت. ئازادی له‌ودیوی دهربیجهكهوه ده‌ڕوانێت و ئاخ هه‌ڵده‌كێشێت. كاتێك كه ئازادی ئاخ هه‌ڵده‌كێشێت فه‌رزادیش ئاخێكی به‌دڵدا دێت. "نادر" ئه‌و به‌ندیه‌ی ژووری پاڵ ده‌ستی كه بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ بڕاوه‌ته‌وه، كاتێك كه چاوی به برین و ئازاره‌كانی فه‌رزاد ده‌كه‌وێت پێی ده‌ڵێت: "به‌هێزبه مامۆستا، بڕیار بوو بچیته ده‌ره‌وه و ده‌نگی ئێمه به گوێی دونیا بگه‌یه‌نی، ئاوا ده‌تهه‌وێ بچیته ده‌ره‌وه؟"
ده‌پرسێت و پێده‌كه‌نێت. پێده‌كه‌نێت بۆ ئه‌وه‌ی تامی تاڵی هه‌قیقه‌تێكی گه‌وره داشارێت: " مامۆستا، ده‌ردی من و تۆ ده‌ردی گه‌لێكه".
ئه‌و گه‌له‌ی كه وڵاته‌كه‌ی وڵاتێكی سووتاوه. له ئاههڕاكانی ئه‌م وڵاته‌دا هه‌مووان له بۆسه‌ی خۆردا دانیشتوون و ساڵانێكه كه به‌ندیخانه وه‌كو لوویه‌كی كێماوی له سه‌ر دڵی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته قورسایی ده‌كات. له‌م وڵاته سووتاوه‌دا ساڵانێكه عه‌شق و ئاشتی لێپێچینه‌وه‌ی یاساییان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ و ساڵانێكه ئاوازی خه‌ڵكی ئه‌م وڵاته سووتاوه بۆته بێ ئۆقره‌یی تازهبووكانی چاوله رێی زاوا و دایكانی چاوه‌ڕوانی زه‌ماوه‌ندی مناڵانیان.
***
میرغهزهبهكان قاچه‌كانی فه‌رزادیان به ته‌نافی رق و بێزاری له زه‌وی هه‌ڵكه‌ندووه به‌ڵام فه‌رزاد به‌شێكه له زه‌وی. ده‌ستی رووتم له سه‌ر زه‌وی داده‌نێم، ده‌مووچاوم به زه‌وییه‌وه ده‌نێم و هه‌ستت پێده‌كه‌م فه‌رزاد. ده‌مهه‌وێ له‌گه‌ڵت بدوێم فه‌رزاد. قسه‌كانم ده‌بیستی؟ نادر راستی ده‌كرد فه‌رزاد. "ده‌ردی من و تۆ ده‌ردی گه‌لێكه". گزیره‌كان له وڵاتی من و تۆدا ئه‌م رۆژانه ته‌نیا بانگه‌شه‌ی سێداره ده‌كه‌ن. لێره چیرۆكی شه‌وی هه‌موو مناڵان بۆنی بارووت و كاشیهكانی به‌ندیخانه بۆنی خوێنی لێ دێت. له ژووره تاكهكهسیهكانهوه هه‌تا ژووره گشتیه‌كانی به‌ندی تایبه‌ت به ئاسایش ته‌نیا بیست تا سی میتر مه‌ودا هه‌یه كه هه‌ندێك كه‌س به چه‌ند ساڵ و هه‌ندێكیش به چه‌ند مانگه ئه‌و مه‌ودایه ده‌بڕن به‌ڵام مه‌ودای نێوان ژیان و مه‌رگ له‌م وڵاته ته‌نیا یه‌ك "وشه"یه. ته‌نیا یه‌ك "نا" مه‌ودای هه‌یه. تۆ وه‌ڵامی "نا"ت به راكردن و په‌ستی دایه‌وه و سه‌رت به سێداره سپارد بۆ ئه‌وه‌ی كڕنوش نه‌به‌ی". له نێوان خه‌ڵكی ئێمه و سێداره‌دا ته‌نیا یه‌ك دایك مه‌ودا هه‌یه!
"هۆگری به‌م خه‌ڵكه‌وه زۆر تاڵه و راكردن له‌وانیش دڵ نزمییه..." فه‌رزاد تۆ پشتت له خه‌ڵكه‌كه‌ت نه‌كرد، تۆ پشتت له گه‌له‌كه‌ت نه‌كرد، تۆ پشتت له مرۆڤ نه‌كرد. هه‌ربۆیه "سیامهندئاسا" كه جلوبه‌رگی زه‌ماوه‌ندی له‌به‌ر كرد بۆ ئه‌وه‌ی فریای خه‌نه‌به‌ندانی بووكی ئازادی بكه‌وێت" به سێداره‌دا سه‌ركه‌وتی.
فه‌رزاد ئایا تۆ عاشق ببووی؟
پێت وانه‌بێت شوێن پێی عه‌شق له‌و نامانه‌ی له جنسی وشیاریی و گیانبازین، ون ده‌بێت. پێت وانه‌بێت عه‌شقی مه‌زن – به شانه‌ی بچوك بچوك له قژیدا – له ژێر سێبه‌ری چیرۆكی ده‌ردی گه‌لێكدا له‌بیر ده‌كرێت؟ تۆ عاشق بووی فه‌رزاد، هه‌موو كه‌س ئه‌وه‌ی زانیوه.
ئه‌وانه وشه‌كانی تۆن فه‌رزاد، ئه‌م وشانه ده‌ربڕینی عه‌شقن له زمان خهباتگێڕێكهوه: " لێم بڕوانه با بزانی جیاوازیی من و تۆ له چیدایه، من هه‌موو رۆژێ له سه‌ر دارودیواری ژووره‌كه‌م ده‌سته‌كان و چاوه جوانه‌كانی دڵداره‌كه‌م ده‌كێشمه‌وه، و په‌نجه له په‌نجه‌ی ده‌ئاڵێنم و گه‌رمی ژیان له ده‌ستانیدا ده‌خوێنمه‌وه و چاوه‌ڕوانی و هۆگریشی له چاواندا ده‌بینمه‌وه. به‌ڵام تۆ هه‌موو رۆژێ باتوم به ده‌ست په‌نجه‌كانی سه‌ر دیواره‌كه ده‌شكێنی، چاوانی چاوه‌ڕوانیشی له بنه‌وه‌ڕا ده‌ردێنی و دیواره‌كه‌ش ره‌ش ره‌ش داده‌گیرسێنی".
فه‌رزاد! عه‌شقه‌كه‌ت بێ تۆ چیده‌كات؟ تۆی دوور و ته‌ریك كه‌وتووی عه‌شقه‌كه‌ت له به‌ندیخانه چیت ده‌كرد؟ ئێمه چۆن ساڕێژی زامی بێ تۆیی بكه‌ین ئه‌ی گیانبازی رێگه‌ی عه‌شق؟
***
هاوڕێم ئاسوده بنوو...
"له‌م رۆژانه له‌م شاره‌دا هه‌واڵی وا ده‌بیسترێ، وشه به شاعیر ده‌به‌خشێ، سوژه‌ی بۆ ده‌رهێنه‌ر پێیه، قه‌ڵه‌میشی بۆ نووسه‌ر و جهربهزهشی بۆ پیر پێیه، هیوای پێیه بۆ گه‌نجان و هیوابڕاویش ده‌جوڵێنێ، له‌م رۆژانه‌دا گۆیا دڵی جیهان له‌م شاره‌دا لێده‌دات، گۆیا گرینویچی دونیا بۆته تاران، با خه‌ڵكی ئه‌م شاره نه‌نوون. كه‌س نه‌خه‌وتووه و تا له خه‌ویش رانه‌په‌ڕن ئه‌م به‌شه‌ی گۆی زه‌وی ئێمه خۆری تێدا هه‌ر هه‌ڵنایه‌ت".
به ئاسووده‌یی له گڵكۆی بێ ناونیشانی خۆتدا ئۆقره بگره چونكه گه‌له‌كه‌ت ده‌یهه‌وێ "سمی پڕشانازیی ئه‌سپی رامنهكراوی تووڕه" له سهلبهندی كۆڵانی "چاره‌نوس"یان بده‌ن. له گڵكۆی بێ ناو نیشانتدا ئۆقره بگره و "قهڵانشینی حه‌ماسه‌ته پڕ شانازییه‌كان" به كه گه‌له‌كه‌ت له تۆفانی بێده‌نگیی گه‌وره‌ی مێژوویهكدا، شانبه‌شانی یه‌كتر ریزیان به‌ستووه.
رۆحی تۆیان كێشا به‌ڵام گیانیان به نامه‌كانت به‌خشی. وشه‌كانت وه‌كو باڵنده‌كانی ئازادی له پشته‌وه‌ی دیواره‌كانی قه‌سابخانه‌ی سوڵتانه‌وه بۆ ئاسمانی هه‌ر كوێیه‌ك كه شیعری لێیه، خۆری لێیه، كێوی لێیه، ئاوی لێیه و داری لێیه، هه‌ڵفڕیون. هه‌ڵفڕیون بۆ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه شه‌و و شیعر و ئه‌شكه‌نجه و خۆڕاگری و به‌رخودانی تێدا هه‌یه. هه‌ڵفڕیون بۆ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ی كه مرۆڤ و عه‌شقی لێیه. باڵه‌كانیان ئه‌و شیرانهن كه ئاسمان شه‌ق ده‌كه‌ن. جریوه‌ی هه‌ر باڵنده‌یه‌ك نه‌وایه‌كی ئازادییه به سه‌ر سازی خه‌وی خهفڵهتدا ده‌بارێ.
وشه‌كانت هه‌ر كوێ ده‌چن زه‌وی شه‌ق ده‌بێت و گاشه‌به‌رده‌كانی بێده‌نگی قوت ده‌دات.
فه‌رزاد نیگه‌رانی گه‌له‌كه‌ت و وڵاته‌كه‌ت مه‌به!
خوێن له‌گه‌ڵ كوردستان چی پێده‌كرێ؟
زوڵم و زۆر له گه‌ڵ ئێران چی پێده‌كرێ؟
" وه‌كو ژه‌نگ له گه‌ڵ به‌ردی مه‌ڕمه‌ڕ
وه‌كو زنجیر له‌گه‌ڵ تۆفان"
ئێستا زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی كه وه‌ك به‌ندیه‌كانی پێش له خۆیان، به هه‌ست و نسته‌وه چزووی ئازاری سوكایه‌تی و ئێش و ئازار ده‌چێژن بۆ ئه‌وه‌ی به‌شكم دوایین كه‌س بن له نه‌وه‌ی " ئه‌و ئازارچێشتوانهی كه تاریكی به‌ندیخانه‌یان به شه‌وقی دیداری سه‌حه‌ر له دڵیان‌دا زیندوو راگرتبوو". به هه‌زاران هه‌زار كه‌س كه له نێو دارستانی سووتاوی داربهڕوهكاندا به كاروانێك په‌یوه‌ست ده‌بن كه ئامانجی سه‌رزه‌مینی خۆره‌تاوه. فه‌رزاد به هێوری له گۆڕه بێ ناونیشانهكهتدا ئۆقره بگره چونكه ئێمه به په‌نجه‌ی خۆر دڵی خواوه‌ندی تاریكی ده‌رده‌هێنین.
***
ترجمه از دوست نادیده ام "یوسف عه‌لی پور"
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر